
پەخشان عەزیزیی، خەڵکی مهابادێ، ئێکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٩، لە لایەن هێزەکانی بەنێو ئاساییشی ئێرانێ، بە هۆی بەشداریی کردنی لە گردبوونەوەیێکی خوێندکارانی کورد لە زانستگەی تارانێ کە ناڕەزایی خۆیان دژ بە لە سێدارە دانی سیاسییەکان لە کوردستانێ نیشان دابوو، دەستگیر کرا بوو. وەلێ، پاش چار مانگان، بە بارمتە ئازاد کرا بوو. دواتر ئێرانی جێهێشت بوو، و لە هەرێمی کوردستانێ نیشتەجێ ببوو.
دوای گەڕانەوەی بۆ ئێرانێ، پەخشان، دەستگیر دەکرێتەوە و دواتر بۆ زیندانی ئەڤینێ لە تارانێ دەگوازرێتەوە. لە ٢٣ی ژولایی ٢٠٢٤، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقیلابی ئیسلامیی لە تارانێ، بە تۆمەتی "یــاخــیــی،" و ئەندامێتیی لە "گرووپەکانی دژ بە ڕژێم» سزای لەسێدارەدانی بەسەر سەپێنرا. پاشان، بە هۆی ڕەخنە لە حوکمەکە لە لایەن پارێزەرانی پەخشان، سزاکە بۆ دادگەی پێداچوومەوە بەرز کراوە. بەڵام، هەر وەك پێشبینیی دەکرا، لە ٧ی ژانیوەری ٢٠٢٥، سزاکە لە لایەن لقی ٣٩ی دادگەی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.
شەریفەی محەمەدیی، خەڵکی ورمێ، کە دانیشتووی شاری ڕەشت بوو. لە ٥ دیسێمبەری ٢٠٢٣، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە کردن لە دژی دەوڵەت دەستگیر کرا. دواتر لە دادگەی ئینقیلابی ئێرانێ بڕیاری لە دار دانی بۆ دەرکرا. شەریفە، خاتوونێکی چالاك لە بواری مافەکانی ژنان، ژینگە، و باوەڕ بە بەهاکانی مرۆڤایەتیی لە لایەن ڕژێمی "سەدەی حەوتەم" لە ئێرانێ فەرمانی کوشتنی بەسەر سەپێندرا.
وریشەی مورادیی، خەڵکی سنە، وەك پەخشانی عەزیزیی، بە تۆمەتی "یــاخــیــی" بوون لە ڕژێمی مەلاکانی ئێرانێ دەستگیر کرا. تاوانەکانی وریشە، لە دادگە، بریتی بوون لە ئەندامێتیی لە ڕێکخراوێك بۆ پارازستنی مافەکانی ژنان، چالاك و ژینگە پارێز بوو. دادگەی ڕژێم، ئەندامێتیی وریشە لە ڕێکخراوی ژنان، بە چالاکیی سیاسیی لە دژی دەوڵەت بەکار هێنا، و بەو بیانوە تاوانی یاخیی بوونیان خستە تەك و بڕیاری مەرگیان بۆ وێ دا.
ڕژێمی ئێرانێ بە هەر ناوێك ئەو کچانەی کوردستانێ بکوژێ، هەقیقەتی سەر حەرد ئەوەیە کە تاوانەکانی ئەو خاتوونانە، کورد بوون و ژن بوونە. چونکە رژێمی ئێرانێ چاوی دیتنی ژنی ئازادی کوردی نیە. کوردانیان وەکی "ڕەعیەت" لەلا پەسنە. بۆیێ هەر کاتێك کوردێك داوای وجوودی کورد بوونی خۆی بکا، ڕژێمی تاعوونیی ئاخووندەکان، بێدرەنگ بە تەزیە تەڵەب تاوانباری دەکەن، و سزای مەرگی بەسەر دەسەپێنن.
ئەو سێ خاتوونەی کوردستانێ، بە تۆمەتی یاخیی بوون کە لەلایەن مەلاکانی ئێرانێ تەجزیە تەڵەبییە، ئێستاکانێ چاوەڕێی ڕۆژی مەرگی خۆیان دەکەن. ئەگەرچی هەر سێکیان ئازاری دەروونیی و ئەشکەنجەی جەستەیی دروان، وەلێ ورەبەرزانە، لە زیندانێ "بە ئازادیی دەژین."
پەخشان، شەریفە، و وریشە سێ کچان، سێ خوشکانی هەر کوردێکی نیشتیمانپەروەرن، و لە گەرمیی ناو هەناوی هەر خەمخۆرێکی کوردستانی بندەست دەژین. سێ خاتوونی ڕێباز پیرۆزن، تاجی سەری شکۆ و کەڕامەتی کوردەوارین. میللەت هەمیشە شانازییان پێ دەکا.
بە ئومێدی ڕزگاریی و گەڕانەوەیان بۆ ناو خانەوادەکانی خۆیان و باوەشی دایکی مەزن.
Commentaires